|
2009/9/7
له دوا هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مانی کوردستان شكستی هێزه به ناو چه‌په‌کانی کوردستان‌مان بینی، هۆکاری شکسته‌کان بۆچی ده‌گه‌ڕندرێته‌وه؟ به‌داخه‌وه تا ئه‌مڕۆش كه‌سانێک هه‌ن بڕوایان وایه که حزب، به‌ره، بزووتنه‌وه، هه‌یه چه‌په! به بیر و بۆچوونی من نه‌ک له کوردستان له دنیاشدا چه‌پ بوونی نییه، وه‌ك چۆن ڕاست بوونی نییه. من وا ده‌زانم هیچ زوڵمێكم له‌وانه نه‌کردووه که بڕوایان به بوونی ئه‌م چه‌پ و ڕاسته هه‌یه. ده‌بێ بڵێم ئه‌وانه قوتابی حوجره‌یه‌کن، به ئه‌قڵی چاویان بیر ده‌که‌نه‌وه، ڕاڤه ده‌که‌ن، شی ده‌که‌نه‌وه. ئه‌گه‌ر مانا کلاسیکه‌که‌ی چه‌پ یا ڕاست، به‌پێی جێگه‌ی دانیشتنیان له په‌رله‌مانه‌کاندا، دیاری بکه‌ین، ئه‌وه به ئه‌قڵی چاو ئه‌و دیاریکردنه‌مان کردووه و حوکمی خۆمان ده‌رکردووه. ده‌بێ چه‌پ و ڕاست به پرۆگرام و پراکتیک دیاری بکرێن. ئه‌و چه‌پ و ڕاستانه له هه‌موو دنیادا خاوه‌نی یه‌ک پرۆگرام و یه‌ک جۆر موماره‌سه‌ن، ئه‌وان هه‌موویان، چه‌پ، ڕاست، ناوه‌راست، ئه‌مانه‌ی خواره‌وه کاکڵه‌ی پرۆگرامه‌کانیانه.
هه‌موویان ده‌سه‌ڵاتخواز و ئازادیکوژن! هه‌موویان سه‌ر به ڕێبازی دیموکراتیه‌تی بازاڕی ئازادی مرۆڤکوژن! هه‌موویان قوتابخانه‌ی کارکردنی له سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه‌ن! هه‌موویان مشه‌خۆرن! ئه‌مڕۆ له دنیای دیموکراتیه‌تی بازاری ئازاد و لیبریالیزمدا به‌م جۆره‌یه: چه‌پ ده‌سه‌ڵاتی به ده‌سته‌وه‌یه بۆ جێبه‌جێکردنی ئه‌وه‌ی ڕاست ده‌یڵێت و داوای ده‌کات! له هه‌ندێ جێگه‌ی تر به پێچه‌وانه‌وه‌یه. ئه‌م ڕاستییه له ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا به باشی ده‌بینرێ. له فه‌ره‌نسه جگه له‌وه‌ی سه‌رکرده سۆسیالیسته‌کان حکومه‌تی ڕاست به‌ڕێوه ده‌به‌ن، ئه‌وی چه‌پیش ده‌یڵێت ڕاست سه‌رقاڵی جێبه‌جێکردنیه‌تی. ئه‌م واقعی حاڵه بۆ ئه‌ڵمانیا، ئیسپانیا، ئیتالیا و ئه‌مه‌ریکاش هه‌ر وایه. سه‌باره‌ت به‌شی دووه‌می پرسیاره‌که، به بڕوای من به‌و لۆجیکه‌ی سه‌ره‌وه له پرۆسه‌ی ته‌عینکردنه‌که‌ی کوردستاندا هیچ لا و لایه‌نێک نه دۆڕاندویه‌تی، نه شکستی هێناوه. له‌و پرۆسه‌ی ته‌عینات و جێگه‌گۆڕینه‌دا، پرۆگرامێکی سیاسی، به زه‌بری پاره، بردویه‌تیه‌وه. ئه‌و پرۆگرامه‌ش، پرۆگرامی ده‌سه‌ڵاتچه‌سپاندن و کپکردنی بیری نوێی ئازادخوازی دژه‌ده‌سه‌ڵاته، پرۆگرامی ڕه‌شه‌کوژیی ژنان، پرۆگرامی فیدرالیه‌ت و فلیقانه‌وه‌ی که‌رکووک و که‌رکووکییه‌کانی خواره‌وه‌یه. هێزه سیاسییه‌کان به جه‌م براوه‌ن، ده‌توانن ده‌ست به سمێڵیاندا بهێنن و بڵێن: "جه‌ماوه‌ر دۆراوه و خۆمان براوه‌ین!"
له کوردستان ته‌نانه‌ت هێزه ناسێۆنالیسته‌کانیش ده‌یانه‌وێت به‌رگی چه‌پ بوون له به‌ر خۆ بکه‌ن. من ده‌پرسم کامه هێز له کوردستان نوێنه‌رایه‌تیی چه‌پخوازانی کوردستان ده‌کات؟ کاری به‌رگپۆشین تازه نییه و ته‌نها کوردستانیش نییه. ئه‌مه له مێژووی ئه‌وروپادا، به تایبه‌تی له ئه‌ڵمانیا و ئیتالیا، به ئاشکرا ده‌بینرێ. له ئه‌ڵمانیا کاتێک ناسێۆنالیسته‌کان، وڵاتپه‌رسته‌کان، به‌رگی سۆسیالیستیان پۆشی، خۆیان وه‌ک سۆسیالیستی وڵاتپه‌رست ناساند. هیتلر توانی ئه‌و نامه‌یه وه‌ربگرێت که نۆسکه به میرات له بیسمارکه‌وه بۆی مابووه‌وه. له ئیتالیاش به هه‌مان شێوه مۆسۆلۆنی توانی نامه‌که‌ی گاریباڵدی وه‌ربگرێت و بۆ ئه‌م کابرا فاشیه‌ی ئێستا؛ بێرلوسکۆنی، به جێی بهێڵێ. ئه‌وه‌نده‌ی من لێی ده‌زانم ئه‌وه‌یه که سۆسیالیستی ناسیۆنالیست، یا وڵاتپه‌رست، ڕه‌چه‌ڵه‌کی فاشیزمه. هێزه سیاسییه‌کان شه‌رم له‌وه ناکه‌ن ئه‌م به‌رگ له به‌ر بکه‌ن و ئه‌و به‌رگ داکه‌نن، ئه‌وه‌ی لایان ستمه و مایه‌ی شه‌رمه‌زارییانه ئه‌وه‌یه که خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات نه‌بن. سه‌باره‌ت به‌وه‌ش كام هێز نوێنه‌رایه‌تیی چه‌پخوازانی کوردستان ده‌کات! ئه‌وانه‌ی به‌ڕێزتان ناوتان ناون چه‌پ، یا خۆیان خۆیان وا ناو ناوه. ئه‌وی ڕاستی بێ من ئه‌و مه‌ته‌ڵه‌م بۆ هه‌ڵناهێنرێ، به‌ڵام ئه‌وه‌نده ده‌زانم له‌م جه‌نگه‌ڵانه‌دا تاقیکردنه‌وه‌کان سه‌لماندویانه ئه‌وه‌یان ده‌بێته نوێنه‌ر که خاوه‌نی ئه‌زموونێکی ده‌وڵه‌مه‌ند بێ له هونه‌ری هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن و به‌لاڕێدابردنی جه‌ماوه‌ر، بێجگه له‌وه‌ی که بێگومان قاسه‌که‌ی ده‌بێت لێی بڕژێ.
به‌رامبه‌ر شکسته‌کانیان زۆرجار هێزه چه‌پڕه‌وه‌کانی کوردستان قسه له‌سه‌ر هۆکاره جیهانییه‌کان ده‌که‌ن، پێت وایه له پاڵ ئه‌م هۆکارانه چه‌ندین هۆکاری تری ناوخۆ نییه که بوونه‌ته ڕێگر له به‌رده‌م فراوانبوونی به‌ره‌ی چه‌پ له کوردستان؟ وه‌کو باسم کرد هیچ كه‌سێک، هیچ لایه‌نێک، نه دۆراوه نه براوه‌یه. ئه‌گه‌ر باسه‌که له بردنه‌وه و دۆراندن یا شکستهێنان و سه‌رکه‌وتن بێ، هه‌موو هێزه سیاسییه‌کانی کوردستان و پرۆگرامه ده‌سه‌ڵاتخوازه‌که براوه‌یه و خه‌ڵکیش دۆڕاوه. هه‌موو جارێک، له هه‌موو شوێنێک، وایه کاتێک حزبه‌کان ده‌یبه‌نه‌وه جه‌ماوه‌ر دۆراوه. ئه‌گه‌ر بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری له هه‌ڵکشاندا بێ، حزبه‌کان مایه پووچن و ده‌سه‌ڵات له مه‌ترسیدایه. ده‌رباره‌ی هۆکاره جیهانییه‌کان ده‌شێ وا بێ، چونکه ئه‌مڕۆ زیاتر له دوێنێ ڕووداو و دیارده‌کان له دنیادا به جۆرێک به یه‌کتردا چوون ناکرێ که دیارده‌ک هه‌بێت تاقانه و گۆشه‌گیر بێ و کاریگه‌ریی دیارده‌کانی تری له‌سه‌ر نه‌بێ، یا ئه‌م له‌سه‌ر ئه‌وانی نه‌بێ. ئه‌و قسه‌یه‌ش كاریگه‌ریی هۆکاری جیهانی له فرمێسکی ستالینی-برجنیڤی ده‌چێ بۆ قاهر و جه‌باره‌که‌ی جاری جاران. به لای منه‌وه هه‌ندێک له‌وانه که خۆیان له‌سه‌ر چه‌پ ناونووس کردوه، قووتبوونه‌وه‌یان زیاتر له زیاده مه‌سره‌ف ده‌چوو و ده‌چێت. زۆریان له‌دایکبووی چه‌ند جیاوازییه‌کی سه‌رتوێژین له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تر. ڕه‌نگه که‌میی گرنگیدانی ده‌سه‌ڵاتیش پێیان هۆیه‌ک بێ. له‌وه ده‌چێ له ئێستادا ده‌سه‌ڵات هه‌ر هێنده‌ی پاره‌یه‌کی سپی گرنگیان پێ بدا بۆ ئه‌وه‌ی بۆ ڕۆژی ڕه‌ش هه‌ڵیانبگرێ. له وڵاته ئه‌وروپاییه‌کان ده‌سه‌ڵات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نییه به‌ره‌ی سۆسیالیستیی باو لاواز بێ. هه‌موو توانایه‌ک ده‌خه‌نه گه‌ڕ بۆ خرتکردنیان. ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی به ئاستی هۆشمه‌ندیی سیاسی ئه‌و بیرۆکراتانه‌وه هه‌یه که ده‌سه‌ڵات ده‌گێڕن. لای ئه‌وان وایه ئه‌گه‌ر سۆسیالیسته باوه‌کان نه‌بن و به‌هێز نه‌بن دیموکراتیه‌ت له‌سه‌ر یه‌ک قاچ ده‌ڕوا. ئه‌وانه هه‌موو هۆکارن. ئه‌گه‌ر بتوانین له خانه‌ی هۆکاره‌کانی ناوه‌وه دایانبنێن، هۆکارێکی تریش هه‌یه که کاریگه‌ریی خۆی هه‌یه و ده‌که‌وێته خانه‌ی هۆکاره ناوخۆییه‌کانه‌وه. ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که به‌شێکی زۆری جه‌ماوه‌ر نه‌ک هه‌ر چه‌پڕه‌وی له‌وان نه‌دیوه، ئه‌و کاتانه‌شیان له بیر ناچێته‌وه که پشتیان تێکراوه. هه‌موو ئه‌و حزب و ڕێکخراوانه کارکردن تێیاندا زیاتر له سه‌ربازی ده‌چێت وه‌ک له خه‌باتگێڕی. به واتایه‌کی تر، ئه‌وانه‌ی گوایه چه‌پن، وه‌ک له پرۆگرامدا خاوه‌نی پرۆگرامی ئاماده‌کراوی له سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه‌ن، پابه‌ندی ڕێکخستنی پله‌یی و هه‌ره‌می سه‌ربازیشن، ئه‌مه له کاتێکدا که تا دێ گه‌نجی ئازادیخواز ڕوو له‌زیادبوون ده‌که‌ن و گه‌نجان حه‌زیاری سه‌ربازیکردن نین. ده‌شێ هۆکاری تریش هه‌بن.
تێکه‌ڵبوونی هێزه چه‌پڕه‌وه‌کانی کوردستان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتداران و سازشکردنیان له‌سه‌ر مافی هاووڵاتیان تا چه‌ند بۆته ڕێگر بۆ ئه‌وه‌ی چه‌پ پێگه‌ی لاواز بێت؟ تا چه‌ند نازانم، به‌ڵام لام ڕوونه سازشکردن لای جه‌ماوه‌ر قێزه‌ونه، ته‌نانه‌ت له په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه ئاساییه‌کانیشدا. جه‌ماوه‌ر به جاشێتی ده‌زانێ. بمانه‌وێ یا نا، به‌شێکی زۆر له جه‌ماوه‌ر له به‌شمه‌ینه‌تی و تاقیکردنه‌وه‌کانی خۆیانه‌وه چاره‌ی ده‌سه‌ڵاتیان ناوێ. جا سه‌یر نییه ئه‌گه‌ر بۆ ئه‌و هۆ گرنگه که په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی به ژیانی ڕۆژانه‌یانه‌وه هه‌یه، ئاوڕ له‌وانه نه‌ده‌نه‌وه که گوایه چه‌پن.
ئیسلامییه‌کان پاش ئه‌وه‌ی دوو هێزی چه‌پیان له کوردستان له به‌ره‌یه‌ک ڕێک خست، تا چه‌ند ئه‌و به‌ره‌یه وای نیشان دا که چه‌پ له کوردستان به‌رامبه‌ر ئاماده‌یه به‌رژه‌وه‌ندییه‌کان هه‌میشه قوربانی به ئایدلۆژیاکه‌ی بدات؟ نه ئه‌مانیان نه ئه‌وانیان قوربانیان به هیچ نه‌داوه. کارێکی له‌و چه‌شنه له‌وانه‌یه، له‌گه‌ڵ یه‌که‌م بیستن و یه‌که‌م بینین‌دا، پیاو ناچار بکات بکه‌وێته نه‌فره‌تکردن، که به ڕای من ئه‌م نه‌فره‌تکردنه‌ش پێویست ناکات؛ چونکه بوونی ئه‌وانه و ئه‌وانی تریش له ژێر یه‌ک چه‌تردا سه‌یر نییه، نه‌بوونیان له ژێر یه‌ک چه‌تردا سه‌یرتره! ئه‌وانه خاوه‌نی یه‌ک فکری سیاسی و ئایدیۆلۆژیان، پرۆگرامه‌کانیان ده‌سته‌بران، پرۆگرامی ده‌سه‌ڵاتخوازی و ئازادیکوشتنه، پرۆگرامی لێبووردن و نه‌رمونیانییه له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات، هه‌ربۆیه هیچ قوربانییه‌ک له کایه‌دا نییه. ئه‌وان سه‌ر به‌و حوجره‌یه‌ن که فه‌توای ئه‌وه‌ی تێدا دراوه، هه‌موو ئامرازه‌کان حه‌ڵاڵن بۆ گه‌یشتن به ئامانج. ئه‌مه به‌شێکی گه‌وره‌ی ئایدیۆلۆژیاکه‌یان پێک ده‌هێنێت. سه‌باره‌ت به فه‌لسه‌فه‌که‌شیان، مه‌گه‌ر پیاو پێ به جگه‌ری خۆیدا بنێ و بڵێ له ڕووی فه‌لسه‌فیشه‌وه تۆزقاڵێك جیاوازییان هه‌یه، ئه‌وان بڕوایان به به‌شداریکردن له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا هه‌یه، واته له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش یه‌کیان گرتووه خه‌ڵکی هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنن و به لاڕێدا بیانبه‌ن، تا هێنده‌ی تر قوڕ بکه‌ن به سه‌ریاندا و هێنده‌ی تر ماڵکاولیان بکه‌ن. ئیتر ده‌بێ ئه‌و کاره‌یان چ قوربانییه‌کی تێدا بێ! ئه‌گه‌ر تێشیدا بێ، سه‌رگه‌رمی و نه‌شئه‌ی جه‌ماوه‌ر هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن په‌رده‌پۆشی کردووه.ته‌واوی په‌ڕگه‌کانی وێبلاگ |
کورتهیهکقهرهج مرۆڤێکی یاخی له ده‌سه‌ڵات و کۆتوبه‌نده‌کانی سه‌روه‌رییه سه‌ره‌تا زانیاری ئه‌لبۆمی وێنه‌کان ئه‌رشیڤ بایه‌که م وێبلاگ بین بیخه لیستی دڵخوازه‌کان بلاگە بەرۆژ کراوەکان لۆگۆی وێبڵاگنووسهراندۆستانهاوپۆلهکانرۆژگهلێك
بابه‌ته‌کان- (J.2.4 ) ئایا بە دڵنیاییەوە دەنگدان بۆ پارتە ڕادیکاڵەکان کارا ده‌بێت؟ - (J .2.3) به‌شدارییه ڕامیارییه‌کان له ده‌نگداندا كامانه‌ن - J.2.2 بۆچی ئه‌نارکیسته‌کان ده‌نگدان وه‌ک ئامرازێکی گۆڕان ڕه‌تده‌که‌نه‌وه - j.2.1 بۆچی ئه‌نارکیسته‌کان بۆ گۆڕان به‌کاربردنی کاری ڕاسته‌وخۆ به باشتر ده‌زانن؟ - (J. 2 ) خه‌باتی ڕاستەخۆ چییه؟ لینکه‌کان
لێره‌و له‌وێRSS بۆ پۆدکه‌ست
|
||||||||||||||||||||||||||||||||||||||||||
| ته‌واوی هێز له بلاگی کوردی دایه |